ڕووداوی هاتووچۆ ـ Slemani Daily
لە رووداوێکی سەختی هاتووچۆدا لەسەر ڕێگەی فڕۆکەخانەی موسەننا،دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی زۆرەوە کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بە چوار ئۆتۆمبێلدا کێشا, پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە نزیک کۆلێژی ئاشوور لە بەری کەرخی پایتەخت ڕوویداوە. شۆفێری ئۆتۆمبێلە جۆری جێپ مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵی بێ مۆڵەت بووە، بە خێرایی 110 بۆ 120 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و بە شێوەی زیگزاگ لێیخوڕیوە. بەو هۆیەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە، پەڕیوەتەوە بۆ سایدی بەرامبەر و بە توندی بە چوار ئۆتۆمبێلی دیکەدا کێشاوێتی، ئەمەش جگە لە زیانی گیانی، زیانی ماددی گەورەشی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق، هۆکاری سەرەکیی ئەم کارەساتە تیژڕۆیی لەڕادەبەدەر و کەمتەرخەمی شۆفێرەکە بووە. ئەم رووداوە لە کاتێکدا تۆمار دەکرێت کە ئامارەکانی هاتووچۆ لە عێڕاق بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان و ساڵانە قوربانییەکی زۆریان لێدەکەوێتەوە.
