هەژماری من ـ Slemani Daily
پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من پێدەنێتە قۆناغی بڕیاردانەوە، و بەپێی ئاگادارییەکان تا کۆتایی ئەم مانگە مۆڵەت بە سەرجەم فەرمانبەران دەدرێت خۆیان تۆمار بکەن، بەپێچەوانەوە مووچەی هەر مووچەخۆرێک ڕادەگیرێت کە تۆمار نەکرا بێت.
بەپێی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 900 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان کارتە بانکییەکانیان لە پرۆژەی «هەژماری من» وەرگرتووەتەوە. جەختیش دەکرێتەوە کە ڕۆژی 31ی ئابی 2026 وەک دوا مۆڵەت بۆ تۆمارکردن دیاریکراوە و هەر مووچەخۆرێک تا ئەو وادەیە ناوەکەی تۆمار نەبێت، بڕیاری بڕین و ڕاگرتنی مووچەکەی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.
پرۆژەی هەژماری من پرۆسەیەکی حکومییە بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی پێدانی مووچەی کەرتی گشتی لە ڕێگەی هەژماری بانکییەوە. ئامانج لەم هەنگاوە نەهێشتنی سیستەمی کۆنی بەکارهێنانی نەختینە (کاش) و ڕێکخستنەوەی وردی لیستەکانی مووچەخۆرانە لە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکاندا.
