ناسنامەی دیجیتاڵی – Slemani Daily
حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی ناسنامەی دیجیتاڵی (QR Code) کارا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مامەڵەی هاووڵاتییان لەگەڵ بەغدا؛ لە پڕۆژەکەشدا بۆ یەکەمجار بڕوانامەی لەدایکبووان و مردووان بە زمانی کوردی دەردەکرێت.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، حکومەتی فیدراڵ کار بە سیستەمی ناسنامەی دیجیتاڵی (QR Code) دەکات و ڕاپەڕاندنی هەر مامەڵەیەکی هاووڵاتیان لە فەرمانگەکانیدا بەستراوەتەوە بەم کۆدەوە.
جێبەجێنەکردنی ئەم ڕێکارە لە هەرێمی کوردستان، لە چەند مانگی ڕابردوودا کێشەی گەورەی لە دەرهێنان و نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی، تۆمارکردنی منداڵی نوێ، سڕینەوەی ناوی مردووان و مامەڵەی هاوسەرگیری دروست کردبوو؛ بە جۆرێک بەغدا داوای “صحة الصدور”ی دەکرد کە کارەکانی زۆر دەکێشا و زۆرجاریش مامەڵەکان ڕەت دەکرانەوە.
ئەم سیستەمە نوێیە هاوشێوەی ناسنامەیەکی دیجیتاڵییە کە لە ڕێگەی مۆبایلەوە سکان دەکرێت و سەرجەم زانیارییەکانی هاووڵاتی لەسەر داتا سەنتەرێکی گەورە پاشەکەوت دەکات، ئەمەش پرۆسەی گەڕان بەدوای دۆسیەی کاغەزیدا دەهێڵێت و ڕێگریی تەواو لە ساختەکاری دەکات.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە لە ئێستادا لە گفتوگۆدان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ جێبەجێکردنی کۆدەکە بە فۆنتەکانی کوردی و عەرەبی و بە لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەم پڕۆژەیە بە پاڵپشتیی ڕێکخراوی یونسێف (UNICEF) بەڕێوەدەچێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش ڕاهێنان بە 400 فەرمانبەر لە سەرانسەری کوردستان کراوە و لە ڕووی تەکنیکییەوە هەموو شتێک ئامادەیە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەندازیار حەربی ئەسعەد، بەڕێوەبەری تەکنۆلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی تەندروستی ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا پڕۆژەکە پێویستی بە دروستکردنی لینکێک هەیە لە نێوان داتا سەنتەری هەرێمی کوردستان و بەغدا تایبەت بە سیستەمی لەدایکبووان، مردووان و هاوسەرگیری؛ جێبەجێکردنی کۆتایی ئەم هەنگاوەش چاوەڕێی ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی هەرێمی کوردستان دەکات.
