قەرزی خانووبەرە – Slemani Daily
عێراق قەرزی 60 ملیۆن دیناری بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی خانوو ڕاگەیاند؛ وەرگرتنی مامەڵە لە کەرکووک دەستیپێکرد و هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
حکومەتی عێراق بڕیاری دانی قەرزی 60 ملیۆن دیناری بۆ هاووڵاتییان بەمەبەستی دروستکردن یان نۆژەنکردنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون خستە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ڕێکارەکانی وەرگرتنی مامەڵە لە پارێزگای کەرکووک دەستیپێکردووە، لە کاتێکدا پڕۆژەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە بەپێی ڕێنماییە نوێییەکان، ئەم قەرزە بە ئامانجی هاوکاریکردنی هاووڵاتییانە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی قەیرانی خانووبەرە.
خەرجکردنی پارەکە بەپێی قۆناغەکانی دروستکردن یان نۆژەنکردنەوە دەبێت و لە ڕێگەی بانکی ڕافیدەین یان ڕەشیدەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە ئەمڕۆوە بنکەکانی وەرگرتنی مامەڵە لە کەرکووک پێشوازی لە داواکاریی هاووڵاتییان دەکەن. پرۆسەکە تەنیا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی حکومەتی فیدراڵیدان، بەمەش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی ئەم قەرزە بێبەش دەبن.
حکومەتی عێراق لە ڕێگەی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکە حکومییەکانەوە ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ قەرزی خانووبەرە تەرخان دەکات. بەهۆی جیاوازیی سیستەمی دارایی و کارگێڕی، زۆربەی ئەم جۆرە قەرزە فیدراڵییانە هەرێمی کوردستان ناگرنەوە یان پێویستیان بە ڕێککەوتنی تایبەتی نێوان هەردوو حکومەت هەیە کە تا ئێستا بۆ ئەم پڕۆژەیە نەکراوە.
