هونەرمەندێکی دیاری کورد کۆچی دوایکرد – Slemani Daily
میدیا ناوخۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی هونەرمەندی دیاری گۆرانیی میللیی کورد، عەینەدین مەریوانییان ڕاگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیییەوە بۆ ماوەیەک لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدا بوو.
ئەمڕۆ هەینی 11ی ئەیلولی 2026 دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، هونەرمەند عەینەدین مەریوانی لە نەخۆشخانە ماڵئاوایی لە ژیان کرد. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باری تەندروستیی ناوبراو ڕووی لە خراپی کردبوو و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا هێڵدرابووەوە، بەڵام سەرەنجام بەهۆی قورسیی نەخۆشییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
عەینەدین ئەڵماسی ناسراو بە (عەینەدین مەریوانی)، ساڵی 1960 لە گوندی دزڵێی سەر بە شاری مەریوان لەدایکبووە. سەرەڕای ئەوەی لە تەمەنی منداڵییەوە توانای بینینی لەدەستدابوو، بووە یەکێک لە دەنگە دیار و سەرنجڕاکێشەکانی گۆرانی و ڕەسەنایەتیی کوردی. ناوبراو خاوەنی چەندین گۆرانی و ئاوازی ڕەسەنی ناوچەی هەورامان و مەریوان بوو و جێدەستێکی دیاری لە پاراستنی میوزیك و فۆلکلۆری کوردییدا هەبوو.
