گشتی

دەستڕێژی گولە لە مامۆستایەکی ئایینی کرا و کوژرا

کوژرانی مامۆستایەکی ئاینی – Slemani Daily 

محەمەد نزهەتی، مامۆستای ئایینی و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی چیانە لە پیرانشار، لە کاتی چوونەدەرەوەی لە مزگەوت لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوڵەی لێکرا و کوژرا. سوپای پاسدارانی ئێرانیش گرووپە جوداخوازەکان بە ئەنجامدانی کەیسەکە تۆمەتبار دەکات.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، شەوی ڕابردوو مامۆستا محەمەد نەزهەتی، پێشنوێژ و وتارخوێنی سوننەکانی گوندی چیانە لە شاری پیرانشار، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە کە لەسەر ماتۆڕسکیل بوون، تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەستداوە.

سوپای پاسداران لە پارێزگای ئورمیە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کاردانەوەی نیشاندا و کوشتنی ئەو مامۆستایەی وەک هەوڵێک بۆ “دروستکردنی فیتنە و دووبەرەکی لە نێوان شیعە و سوننە” پێناسە کرد. سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە ڕووداوانە ناکۆکی دروست ناکەن، بەڵکو دەبنە هۆی بەهێزتربوونی پەیوەندی و یەکڕیزیی نێوان شوێنکەوتووانی هەردوو مەزهەبەکە.

ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای ئورمیە، جاروبار ڕووبەڕووی ئاڵۆزیی ئەمنی و کردەوەی چەکداری دەبنەوە. دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە بەردەوامی گرووپە ئۆپۆزسیۆن و جوداخوازەکانی ڕۆژهەڵات تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی کردەوەی تێکدەرانە و بەئامانجگرتنی کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *