دراوی دیجیتاڵی ـ Slemani Daily
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەی دیناری دیجیتاڵی هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ چاکسازیی ئابووری و کۆتاییهێنان بە قەیرانی نەختینە لە وڵاتدا.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی ڕایگەیاند، پڕۆژەی “دیناری دیجیتاڵی” هەنگاوێکی ستراتیژیی گرنگە بۆ چاکسازیی ئابووری و پرۆسەی پەرەپێدانی سیستەمی دارایی عێراق، کە وەک بەشێک لە ئاراستەی نوێی وڵات بۆ سەردەمییانەکردنی مامەڵە داراییەکان و سنووردارکردنی بەکارهێنانی نەختینە جێبەجێ دەکرێت.
دیناری دیجیتاڵی شێوازێکی ئەلیکترۆنیی دیناری عێراقییە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەردەچێت و تەواوی هێزی یاسایی و نرخی دیناری کاغەزی هەیە، کە سەرجەم مامەڵەکانی لەڕێگەی جزدانی دیجیتاڵی و هەژمارە بانکییەکانەوە ڕێکدەخڕێن.
ئامانجی سەرەکی لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە پارەی کاش و دابەزاندنی تێچووی چاپکردن و گواستنەوە و پاراستنی پارەیە، جگە لەوەی دەبێتە ڕێگرێکی بەهێز لە بەرامبەر ئابووریی ناڕێکخراو، خۆدزینەوەی باج، سپیکردنەوەی پارە و گەندەڵی.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە نابێت ئەرکی چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینە بەتەنها بخرێتە ئەستۆی دراوی دیجیتاڵی، چونکە ئاڵۆزیی قەیرانەکە پەیوەندی بە هۆکاری قووڵتری ئابووری و داراییەوە هەیە؛ وەک پێکهاتەی بودجە، قەبارەی خەرجییەکان، سیاسەتی نەختینەیی و ئاستی متمانەی هاووڵاتییان بە کەرتی بانکی.
حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی لە چەند ساڵی ڕابردووەوە ڕێکارەکانی بەدیجیتاڵکردنی کەرتی داراییان چڕکردووەتەوە، لەوانە پرۆسەی پێدانی مووچە بە ئەلیکترۆنی (تەوتین) و هاندانی بەکارهێنانی جزدانی ئەلیکترۆنی. ئەم هەنگاوەی ڕاگەیاندنی دیناری دیجیتاڵیی بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی بانکی و گونجاندنی لەگەڵ ڕێنماییە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا.
