تاوانە ئەلکترۆنیەکان – Slemani Daily
بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان گەنجێکی تەمەن 21 ساڵی لە شاری کەلار دەستگیرکرد، کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان شەش هەژماری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێناوە بۆ هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتیی ئافرەتان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سۆران محەمەد غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە بە ناوی (ا – د) تەمەن 21 ساڵ لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی بەرفراوانی هێزەکانیان دادێت کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتیان.
پاش دەستگیرکردنی تۆمەتبار و پشکنینی مۆبایلەکەی، دەرکەوتووە هەڕەشەی لەچەندین ئافرەت کردووە لە لە تۆڕەکانی تیکتۆک و سناپچات، ئێستاش بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە. پۆلیسی گەرمیان داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتیانە دەکات کە سکاڵایان لەسەر ئەم تۆمەتبارە یان ئەکاونتەکانی هەیە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.
دیاردەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و خراپبەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە، بەتایبەت ئەو تاوانانەی پەیوەستن بە هەڕەشەکردن لە ئافرەتان و داواکردنی بڕێک پارە یان ناردنی وێنەی نەشیاو لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی زانیارییە تایبەتییەکانیان. دادگاکان و دەزگا ئەمنیەکان بەپێی یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2008 یاسای لە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە تاوانانەدا دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.
