گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی عێڕاق – Slemani Daily
گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی عێراق لە بناری چیای گۆیژەی شاری سلێمانی دروست دەکرێت
پڕۆژەی دروستکردنی گەورەترین مزگەوت لەسەر ئاستی عێراق لە بناری چیای گۆیژەی شاری سلێمانی، مشتومڕی لێدەکەوێتەوە، بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان ئەو زەوییەی پڕۆژەکەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت پێشتر بۆ چەندین پڕۆژەی گرنگی ڕۆشنبیری، زانستی و خزمەتگوزاریی وەک “هۆڵی سینەما و شانۆ” و “مەڵبەندی دیراساتی گشتیی” تەرخانکرابوو بەڵام ئێستا نەخشەکەی گۆڕدراوە و دەکرێت بە مزگەوت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی ئاوەدانی سلێمانی کە لە شوباتی 2025 دا ئاڕاستەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کراوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی، ئەو موڵکەی پڕۆژەکەی لەسەر بنیات دەنرێت لە بنەڕەتدا لە چوار پارچە زەوی جیاواز پێکهاتووە، بەپێی نەخشەی بنەڕەتیی شارەکە، زەویی یەکەم بۆ هۆڵی سینەما و شانۆ و زەویی دووەم بۆ دروستکردنی مەڵبەندێکی دیراساتی گشتیی تەرخانکرابوون, هاوکات دوو پارچەکەی تریش بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و دروستکردنی پارکینیگ شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بوون، بەڵام ئێستا تەواوی ئەم نەخشەیە گۆڕدراوە بۆ بنیاتنانی یەک پڕۆژەی ئاینی کە گەورەترین مزگەوتە لەسەر ئاستی عێڕاق.
ئەم پڕۆژە زەبەلاحە لەلایەن خێزانێکی وەبەرهێنی ناسراوی شاری سلێمانییەوە لە ناوچەیەکی ستراتیژی و گەشتیاریی بناری گۆیژە (لە نێوان چاڤی گەشتیاری و هۆتێل تایتانیک) جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونە مەیدانییەکان، چەند مانگێکە کارەکانی دروستکردنی ئەم مزگەوتە بە فەرمی دەستی پێکردووە و لە ئێستاشدا کارکردن تێیدا بەردەوامە.
سەرەڕای دەستپێکردنی پڕۆژەکە و کارکردنی بەردەوام تێیدا، تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئایا لایەنی وەبەرهێنەر توانیویەتی مۆڵەتی فەرمی لەو فەرمانگانەی حکومەت وەربگرێت کە پێشتر زەوییەکەیان بە ناوەوە بووە، لە نێو ئەو لایەنانەش بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری سلێمانی، زانکۆی سلێمانی و فەرمانگەی نیشتەجێبوون هەن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بەو زەوییەکانەوە هەبووە.
مشتومڕەکان بەهۆی ئەوەیە ئەم پڕۆژە ئاینییە گەورەیە لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە شاری سلێمانی بەدەست کەمیی توندی ناوەندەکانی خوێندنەوە دەناڵێنێت و بەپێی ئامارەکان:
ڕێژەی مزگەوتەکان: لە ناو شاری سلێمانیدا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی یەک ملیۆن کەسە، زیاتر لە 700 مزگەوت بوونی هەیە.
کێشەی کەرتی پەروەردە: بەپێی پلانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی بۆ ساڵی نوێی خوێندن،سنووری شارەکە بەهۆی کەمی قوتابخانەکانەوە پێویستی بەپەلە بەدروستکردنی 220 قوتابخانەی نوێ هەیە.
