هێرشی درۆنی- Slemani Daily
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە درۆن هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە نزیک کەمپی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر, لە ئەنجامی هێرشەکەدا 8 پێشمەرگە بریندار بوون کە دۆخی بەشێکیان سەختە، بەرپرسانی حزبەکەش ڕایدەگەیەنن کە هێرشەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجامدراوە.
بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە کاتژمێر 2:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕوویداوە. بەهۆی توندی بۆردومانەکەوە، 8 پێشمەرگەی هێزەکانی (پاک) بریندار بوون، کە بە وتەی سەرچاوە پزیشکییەکان، برینی 4 لە پێشمەرگەکان سەختە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.
بەرپرسانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) دەستبەجێ کاردانەوەیان بەرامبەر ڕووداوەکە هەبوو و ڕایانگەیاند: “ئەم هێرشە نوێیە، درێژکراوەی زنجیرە هێرشەکانی پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بۆ سەر بارەگا و هێزەکانمان لە هەرێمی کوردستان.”
ئەمە یەکەمجار نییە بارەگاکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج؛ لە هێرشەکانی پێشووی سەر ئەم هێزەدا، 2 پێشمەرگە شەهید ببوون و 26ی دیکەش بریندار ببوون.
ئەم پەلامارە لە چوارچێوەی شەپۆلێکی بەردەوامی پێشێلکارییە ئەمنییەکاندایە، بە شێوەیەک کە تەنها لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوودا، خاکی هەرێمی کوردستان نزیکەی 920 جار بە درۆن و مووشەک کراوەتە ئامانج. بەهۆی کۆی ئەو بۆردومانانەوە، تا ئێستا 28 پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون، نزیکەی 150 کەسی دیکەش بریندار بوون، جگە لەوەی ئەفسەرێکی فەڕەنسییش لە ناوچەکەدا بەهۆی ئەو هێرشانەوە گیانی لەدەستداوە.
