قەیرانی بەنزین – Slemani Daily
پڕۆژەیەک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەنزینی پشتگیری کراو بە نرخی 450 دینار بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بە مەبەستی سووککردنی بارگرانی لەسەر شۆفێرانی تاکسی، پاس و توێژە شایستەکان.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە بەپێی پڕۆژەکە حکومەتی عێراق خۆی بەنزینەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات و لە ڕێگەی چەند بەنزینخانەیەکی دیاریکراوەوە ڕاستەوخۆ بەسەر شۆفێرانی تاکسی و پاس و هەروەها هاووڵاتییانی شایستەدا دابەشی دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم بڕە بەنزینە بە تەواوی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، هەروەها جیاوازە لەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتەی کە هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆیی خۆی بەکاری دەهێنێت.
سەبارەت بە ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاوی یەکەمیان ئەنجام داوە و وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی کۆتایی پڕۆژەکە پێویستیان بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و بڕیارە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بکەن.
ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان نرخی بەنزینی لە بەنزینخانەکاندا دیاری کردووە؛ بە شێوەیەک کە بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار جێگیر کراوە، و نرخی بەنزینی کوالیتی موحەسەن لە 1000 دینار و بەنزینی کوالیتی سوپەر لە 1200 دینار زیاتر نەبێت.
