گشتی

ژنێکی تەمەن 26 ساڵ بە چەکی تاپڕ کوژرا

ژنێک کوژرا – Slemani Daily

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان دوو برا لە گەڕەکێکی شاری ڕانیە، ژنی یەکێک لە براکان بە چەکی تاپڕ پێکرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. پۆلیسی ڕاپەڕینیش ڕایگەیاند کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی ئافرەتێکی تەمەن 26 ساڵ بەناوی (أ. ڕ. ع.) کە پیشەی ژنی ماڵ بووە و دانیشتووی گەڕەکی قەڵاتی شاری ڕانیە بووە، گەیەندراوەتە پزیشکی دادی ڕانیە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاریی پزیشکی.

بەپێی گوتەی کەسوکاری قوربانییەکە بۆ هێزەکانی پۆلیس، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە هاوسەری ژنەکە لەگەڵ برایەکی خۆیدا بەشەڕ هاتوون و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبووە، لەو کاتەشدا یەکێک لە براکان بە چەکی تاپڕ تەقەی لەویدی کردووە بەڵام فیشەکەکە بەر ژنی براکەی کەوتووە و دەستبەجێ بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.

دوای ڕووداوەکە و ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی، تەرمی ژنەکە ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە و دادوەری لێکۆڵینەوەش بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزاکانی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تۆمەتباری سەرەکی دەرکردووە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.

دیاردەی بەکارهێنانی چەکی بێ مۆڵەت و گۆڕانی کێشە خێزانییەکان بۆ توندوتیژی چەکداری، لەم ساڵانەی دواییدا وەک یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکانی سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان دەبینرێت، کە زۆرجار کەسانی بێتاوان دەبنە قوربانی شەرە دەنووک و ململانێی خزمایەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *