گشتی

باران بارین دەست پێدەکات

باران بارین –  Slemani Daily

کەشناسێک ڕایگەیاند بای بەهێز تا یەکشەممە بەردەوام دەبێت و لە ئێوارەی هەینییەوە ئەگەری بارانبارین و هەورەبروسکە هەیە

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی زانیاری نوێی دەربارەی ئەو شەپۆلە بایە بەهێزەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، خێرایی با لە هەندێک ناوچە ٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێدەپەڕێنێت و تا ڕەوتی ڕەوشی کەشوهەوا بەرەو ناوەڕاستی هەفتە دەڕوات، ئەگەری دروستبوونی هەور و بارینی بارانێکی کەم لە ئارادایە.

ئاراس جەبار دەڵێت: “بای باکووری ڕۆژهەڵات لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی ڕاپەڕین، سۆران و قەزای ئاکرێ چالاک بووە و شەوی پێنجشەممە لوتکەی چالاکبوونی بووە. خێرایی باکە لە هەندێک کات و شوێندا گەیشتووەتە زیاتر لە 60 کم/ک و تا پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بە چالاكی دەمێنێتەوە.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دوای نیوەڕۆی هەینییەوە خێرایی باکە کەمدەبێتەوە بۆ 15 تا 30 کم/ک و پێشبینی دەکرێت تا بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 2ی ئابی 2026 بە تەواوی کۆتایی پێبێت.

سەبارەت بە ئەگەری بارانبارین، کەشناسەکە ڕوونی کردەوە: “لە ئێوارەی ڕۆژی هەینییەوە، بەهۆی هاتنی بڕێک شێ لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ ناوچەکە، پەڵە هەوری جیاجیا دروست دەبن و لە هەندێک شوێن ئاسمان دەبێتە نیمچە هەور. ئەم شێیە تا 6ی ئابی 2026 لە بەرگەهەوادا دەمێنێتەوە، کە ئەگەری هەیە لە هەندێک شوێنی دیارینەکراو بێتە هۆی چڕبوونەوەی هەورەکان و بارینی بارانێکی کەم بە هاوڕێیەتی هەورەبروسکە.”

ئەم پێشبینییە کەشوهەواییانە لە کاتێکدایە کە ماوەی 4 ڕۆژە شەپۆلێکی گەرمای بەهێز ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان بۆ زیاتر لە 40 پلەی سیلیزی بەرزبووبوونەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *