گۆڕ بە قیستی مانگانە – Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی نەجەف گشتاندنێکی فەرمی ئاڕاستەی سەرجەم قوتابخانەکانی پارێزگاكە کردووە، سەبارەت بە دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی نوێ کە تێیدا زەویی گۆڕستان بە شێوازی قیستی مانگانە بەسەر مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەدا دابەش دەکرێت.
بەپێی نووسراوە فەرمییەکە، پڕۆژەکە برێتییە لە گۆڕستانێکی مۆدێرنی دیواربەندکراو کە تەواوی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی تێدا دابین کراوە،داواکارییەکان لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە وەردەگیرێن و جێبەجێکردنی مامەڵە داراییەکان و ئیمزا کردنی گرێبەستەکان لە ڕێگەی بانکی باشووری ئیسلامییەوە دەبێت.
تایبەتمەندی و مەرجە داراییەکانی پڕۆژەکە:
ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک: 25 مەتر چوارگۆشە.
نرخی گشتی: 2 ملیۆن و 900 هەزار دینار.
بڕی قیستی مانگانە: 190 هەزار دینار.
ئەم دەستپێشخەرییە لەناو خەڵکی دا کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا بەشێک لە هاووڵاتییان وەک ئاسانکارییەک سەیرشی دەکەن، بەشێکی دیکە بڕیاریان داوە وەک دەرفەتێکی وەبەرهێنان و بازرگانی مامەڵەی لەگەڵدا بکه ن، بە مەبەستی کڕینی زەوییەکان و دووبارە فروشتنەوەیان بە نرخێکی بەرزتر لە داهاتوودا.
دەستپێشخەرییەکانی دابینکردنی گۆڕستان بە قیست لە هەندێک پارێزگای عێراق لە کاتێکدایە کە تێچووی بەخاکسپاردن و کڕینی زەوی لە گۆڕستانە سەرەکی و مێژوویییەکان بەتایبەت لە پارێزگای نەجەف کە گۆڕستانی وادی السلامی تێدایە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە ئەمەش وایکردووە کەرتی تایبەت و دامەزراوە داراییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە حكومییەکان پڕۆژەی مۆدێرن و ڕێکخراو بۆ خزمەتگوزارییەکانی بەخاکسپاردن بخەنە ڕوو تا بارگرانی دارایی لەسەر شانی مووچەخۆران کەم بکەنەوە.
