گشتی

سیستەمی دابەشکردنی غاز کرا بە کۆپۆن و کێشەی کەمیی غاز ڕوونادات

غاز ـ Slemani D

قایمقامیەتی سلێمانی جێبەجێکردنی سیستەمێکی نوێی بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان ڕاگەیاند؛ بەپێی سیستەمەکە ڕۆژانە زیاتر لە ٦ هەزار بتڵ غاز بە کۆپۆن بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت و سەرۆکی لیژنەی غازیش دڵنیایی دەدات کە هیچ گرفتێک لە دابینکردنی غازدا دروست نابێت.

عومەر عەبدوڵڵا، سەرۆکی لیژنەی غاز لە قایمقامیەتی سلێمانی ئاشکرای کرد کە ماوەی دوو ڕۆژە دابەشکردنی غازی شل لە سنووری پارێزگاکەدا کراوەتە کۆپۆن. ئامانج لەم بڕیارەش زامنکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی بەشەغازی ماڵان، کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و ڕێگریکردنە لە دروستبوونی هەرجۆرە قەیرانێک.

سەرۆکی لیژنەی غاز دڵنیایی دایە هاووڵاتیان کە بڕی پێویستی غازی شل لەبەردەستدایە و ڕۆژانە لە نێوان ٦,٠٠٠ بۆ ٧,٠٠٠ بتڵ غاز دابەش دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕە بە تەواوی خواستی ناوخۆیی شارەکە پڕدەکاتەوە، لە هەمان کاتدا بەشەغازی تەواو بۆ نانەواخانە، سەموونخانە و چێشتخانەکانیش دابین کراوە تا ڕێگری لە هەر جۆرە چەقبەستوویی و ئاستەنگێک لە بازاڕدا بگیڕێت.

سەبارەت بە خێزانە نوێیەکان کە هێشتا ناویان لە سیستەمی کۆپۆندا تۆمار نەکراوە، عومەر عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە کە ئەو کەسانەی تازە ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە دەتوانن سەردانی قایمقامیەتی سلێمانی بکەن. لەوێ پشتگیریی پێویستیان بۆ دەکرێت و لەو ڕێگەیەوە دەتوانن بەبێ هیچ کێشەیەک بەشە غازی مانگانەی خۆیان وەربگرن.

لە وەرزی سەرما و بەرزبوونەوەی خواستدا، شاری سلێمانی جاروبار ڕووبەڕووی گوشار یان ئاستەنگ لە دابەشکردنی غازی شلدا بووەتەوە، کە هەندێک جار دەبووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی دابەشکردن و بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕی ڕەشدا.

بەکارهێنانی سیستەمی کۆپۆن وەکو ڕێکارێکی ڕێکخستنەوەی کەرتی سووتەمەنی دێت تا لەڕێگەیەوە هاووڵاتیان بە شێوازێکی شارستانی و بێ دەستکەوتنی نایاسایی بەشەغازی خۆیان دەستبکەوێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *