گشتی

ژنێک 170 دەفتەر دۆلاری هاووڵاتییانی بردووە و 13 کەسیش دەستگیرکراون

 دزینی پارەی خەڵک – Slemani Daily

لە قەزای دەربەندیخان، ژنێک بە بیانووی بازرگانیی ئۆنلاین و هاوردەکردنی ئامێری پزیشکی، بڕی ملیۆنێک و 700 هەزار دۆلار ( 170دەفتەر) لە هاووڵاتییان وەردەگرێت و دواتر بە پاساوی سەمەرە خۆی لە دانەوەی پارەکان دەدزێتەوە. لەسەر ئەم کەیسە تا ئێستا 13 کەس لەلایەن  هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و بەشێکیان ڕەوانەی سلێمانی کراون.

تۆمەتباری سەرەکی کە ژنێکە، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە متمانەی بەشێکی زۆری خەڵکی دەربەندیخانی بەدەستهێناوە. ناوبراو بەڵێنی پێدانی قازانجێکی خەیاڵی و زۆری پێدابوون لە بەرامبەر هاوبەشیکردن لە هاوردەکردنی ئامێری لەیزەری موولابردن لە دەرەوەی وڵات، بەهۆی ئەم متمانەیەشەوە خەڵکەکە سەرمایەیەکی زۆریان پێسپاردووە.

پاش کۆکردنەوەی ئەو بڕە پارە خەیاڵییە، ژنەکە بە خاوەن پارەکانی ڕاگەیاندووە کە سەرجەم سەرمایەکەیان فەوتاوە. ئەو پاساوی هێناوەتەوە کە گوایە کەشتیی هەڵگری ئامێرەکان لە گەرووی هورمز لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە تەقەی لێکراوە و بەهۆیەوە سەرجەم ئامێرەکان لە دەریادا نوقم بوون و لەناوچوون.

پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەم فێڵە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران کردووە و تا ئێستا 13 کەسیان ڕاگرتووە, لە نێو دەستگیرکراوەکاندا خودی ژنەکە کە تۆمەتباری سەرەکییە لەگەڵ هاوسەرەکەی و دایکی و باپیری و سێ خاڵی هەن، هاوکات پێنج کەسیش لە لایەنی سکاڵاکاران بەهۆی دروستبوونی ئاڵۆزییەوە دەستبەسەر کراون.

لە ئێستادا بەشێک لە دەستگیرکراوەکان گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی، بەڵام کەسوکاریان لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگای دەربەندیخان. هاوکات بەهۆی هەستیاریی کۆمەڵایەتی و عەشایەریی بابەتەکەوە لە ناوچەکە، قوربانییانی ئەم فێڵە ئامادە نین لەبەردەم کامێرای میدیاکاندا دەربکەون و قسە لەسەر کەیسەکە بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *