ڕێگا و بان – Slemani Daily
بەڕێوەبەری ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی ڕایگەیاند، پڕۆژەی بە دووسایدکردنی سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکانی دەرەوەی شاری سلێمانی کەوتووەتە بوار و هەندێکیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
محەمەد جەمیل، بەڕێوەبەری ڕێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی ئاشکرای کرد، لە ئێستادا هەردوو پڕۆژەی بە دووسایدکردنی ڕێگەی (دووکان – چوارقوڕنە) و (دەربەندیخان – وارماوا) لە ژێر جێبەجێکردندان.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دیزاین و دەرخستەی ڕێگەی (کەوڵۆس – پێنجوێن) ڕەوانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کراوە و ڕەزامەندی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەر وەرگیراوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە کارکردن بۆ بە دووسایدکردنی چەندین ڕێگەی دیکەی دەرەوەی شار بەردەوام دەبێت.
خێراکردنی پڕۆژەکانی بە دووسایدکردنی ڕێگەوبانەکانی دەرەوەی سلێمانی لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و بازرگانی ناوچەکە. دیارترین ئەو ڕێگەیانەی کە ساڵانە تووشی لۆدێکی زۆر و ڕووداوی نەخوازراو دەبنەوە، دەخرێنە ناو ئامانجەکانی ئەم پڕۆژەیەوە.
