گشتی

هەر مووچەخۆرێک خۆی تۆمار نەکات بەغدا مووچەکەی ڕادەگرێت

هەژماری من –  Slemani Daily

حکوومەتی فیدراڵیی عێراق مۆڵەتی تا 31ی ئابی 2026 داوەتە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خۆیان لە پڕۆژەی «هەژماری من» تۆمار بکەن و کارتە بانکییەکانیان وەربگرنەوە؛ بە پێچەوانەوە شایستە داراییەکانیان ڕادەگیرێت و مووچەکانیان لە بەغداوە نانێردرێت.

بەپێی دوا ئامارەکانی پڕۆژەی هەژماری من، تا ئێستا 96% ی مووچەخۆرانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و زیاتر لە 950 هەزار مووچەخۆریش کارتە بانکییەکانیان وەرگرتووەتەوە و بە دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.

پڕۆژەکە داوا لەو فەرمانبەرانە دەکات کە تا ئێستا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، وردبن لە نامەکانی مۆبایلەکانیان، چونکە لە ڕێگەی واتسئاپ، ڤایبەر یان کورتەنامەوە (SMS) ئاگادار دەکرێنەوە بۆ سەردانیکردنی بانک و وەرگرتنەوەی کارتەکانیان تاوەکو پێش کۆتایی هاتنی وادەکە.

پڕۆژەی هەژماری من دەستپێشخەرییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی (تەوطین)ی مووچەی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی، ئامانج لەم پڕۆژەیە دروستکردنی شەفافیەتە لە لیستی مووچەخۆران، نەهێشتنی ڕۆتین، و گواستنەوەی سیستەمی دارایی هەرێمە بۆ سیستەمێکی دیجیتاڵی و بانکیی سەردەمیانە کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیشەوە دانی پێدا نراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *