بڕینی مووچەی مووچەخۆران – Slemani Daily
بەڕێوەبەری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کۆیە ڕایدەگەیەنێت، بەپێی یاسای چاکسازی گۆڕانکاری لە پێدانی مووچەی وارسی شەهیدان کراوە؛ خوشک و برای شەهیدانی سەنگەر و هاووڵاتی ئەگەر مووچەخۆر بن، ناتوانن مووچەی شەهیدانە وەربگرن، لە کاتێکدا ئەو بڕیارە کەسوکاری شەهیدانی جینۆساید و ئەنفالکراوان ناگرێتەوە.
تاڤگە حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كۆیە ڕوونكردنەوەی تەواو لەسەر شێوازی دابەشکردنی مووچەی وارس بەپێی یاسای چاکسازی دەدات و وردەکارییەکەی بەم شێوەیە دەخاتەڕوو:
خوشک و برای شەهیدانی سەنگەر و هاووڵاتی: ئەگەر مووچەیەکی دیکەیان هەبێت، نابن بە وارس و دەبێت تەنها یەک مووچە هەڵبژێرن. بەڵام ئەگەر مووچەخۆر نەبن، تەنها مافی وەرگرتنی مووچەی یەک برای شەهیدیان هەیە (تەنانەت ئەگەر چەند برایەکیشیان شەهید بووبێت).
کەس و کاری پلە یەکی شەهیدانی سەنگەر: دایک، باوک، کوڕ، کچ و هاوسەری شەهیدانی سەنگەر هیچ ڕێگرییەکی یاساییان لەبەردەمدا نییە و دەتوانن لەگەڵ مووچەی خۆیان، مووچەی شەهیدانەش وەربگرن.
شەهیدانی هاووڵاتی: کوڕ و کچی شەهیدی هاووڵاتی ناتوانن دوو مووچە وەربگرن، بەڵام دایک، باوک و هاوسەرەکانیان بەپێی یاسا بۆیان هەیە زیاتر لە مووچەیەک وەربگرن.
شەهیدانی جینۆساید و ئەنفالکراوان: خوشک و برای ئەنفالکراوان بەدەرکراون لەم بڕیارە؛ تەنانەت ئەگەر مووچەخۆریش بن، دەتوانن ببن بە وارسی خوشک و برا ئەنفالکراوەکەیان و مووچەی شەهیدانەکەیان پێ بدرێت.
بەگوێرەی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا ژمارەی شەهیدان و ئەنفالکراوان گەیشتووەتە 81,000 کەس. ئەم توێژە بە رێژەی $6.99%$ی کۆی گشتیی مووچەخۆرانی هەرێم پێکدەهێنن، و بڕی شایستەی دارایی مانگانەیان بریتییە لە 56,766,000,000 (پەنجا و شەش ملیار و حەوت سەد و شەست و شەش ملیۆن) دینار.
