دەقی هەواڵ
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی – Slemani Daily
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا، داوای تەبایی و کاری پێکەوەیی نێوان هێزە سیاسییەکان دەکات بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دوشەممە 1ی حوزەیرانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرکردایەتی و جەماوەری ئەو حیزبە کرد؛ لە پەیامەکەیدا، وێڕای بەرز نرخاندنی مێژووی خەباتی یەکێتی، جەختی لە پێویستیی “تەبایی و کاری پێکەوەیی” لەنێوان هەموو هێزە سیاسییەکاندا کردەوە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە لەم قۆناغەدا زیاتر لە هەمیشە بەرپرسیارێتیی هاوبەش و یەکڕیزیی نیشتمانی پێویستە، تاوەکو لایەنەکان پێکەوە بتوانن بەرگری لە مافەکانی گەلی کوردستان بکەن.
نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست ئەم یادە ببێتە دەرفەتێکی نوێ بۆ باڵادەستکردنی زمانی گفتوگۆ و لێکگەیشتن، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی سەقامگیری, گەشەپێدان و داهاتوویەکی شایستە بۆ هاووڵاتیان. هەروەها لەم بۆنەیەدا پێگەی مێژوویی و خەباتی خوالێخۆشبوو، سەرۆک مام جەلالی بەرز نرخاند.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە 1ی حوزەیرانی 1975 لەلایەن جەلال تاڵەبانی و هاوڕێکانییەوە دامەزراوە، وەک یەکێک لە حیزبە سەرەکی و کاریگەرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت، پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئالنگاریی سیاسی و ئابووریی گرنگدان، کە پێویستی بە لێکگەیشتنی نێوان هێزە سەرەکییەکان پارتی و یەکێتی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغەکە.