گشتی

وەزارەتی بازرگانی پێشناوە ئایینییەکان لە تابلۆ بازرگانییەکان قەدەغە دەکات و سزای دارایی دەسەپێنێت

دەقی هەواڵ

سزای تابلۆ و شوێنە بازرگانیەکان – Slemani Daily 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکانی وەک “شێخ، مەلا و سەید”ی لە تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکاندا بەتەواوی قەدەغە کرد؛ هاوکات هۆشداری دەدات کە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای دارایی توند دەبنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارەکە سەرجەم دووکان، بازاڕ و کۆمپانیا بازرگانییەکان بێ جیاوازی دەگرێتەوە و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەو پێشناوانە دەکرێت لەسەر تابلۆکانیان. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ناوی هەموارکراو بەتەواوی لەگەڵ جۆری کار و پیشەی شوێنە بازرگانییەکەدا بگونجێت.

لەسەر ئاستی جێبەجێکردن و سزاکان، بەڕێوەبەری گشتی هۆشداری دا کە هەر کاسبکار یان کۆمپانیایەک بەبێ مۆڵەتی فەرمی ئەو ناوانە بەکاربهێنێت، دەستبەجێ سزای دارایی دەدرێت. بڕی سزاکەش لە 100 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو ملیۆن دینار.

سەبارەت بەو شوێنانەی پێشتر ئەم ناوانەیان بەکارهێناوە، بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ڕوونی کردەوە: “ئەو شوێنانەی پێش دەرچوونی ڕێنماییەکە مۆڵەتی فەرمییان هەبووە، بڕیارەکە نایانگرێتەوە و هیچ ڕێکارێکی یاساییان بەرامبەر ناگیرێتەبەر، چونکە تۆمارکردنەکەیان یاسایی بووە.”

ئەم بڕیار و ڕێنماییە نوێیەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پشتبەستنە بە پەیڕەوی ژمارە 15ی ساڵی 2022ی تایبەت بە تۆمارکردنی ناو و نیشانە بازرگانییەکان، کە تێیدا ڕێسای توند بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ و ڕێگریکردن لە تێکەڵکردنی ناونیشانی کۆمەڵایەتی و ئایینی لەگەڵ چالاکییە ئابوورییەکاندا دیاریکراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *