دەقی هەواڵ
سزای تابلۆ و شوێنە بازرگانیەکان – Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی پێشناوە ئایینییەکانی وەک “شێخ، مەلا و سەید”ی لە تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکاندا بەتەواوی قەدەغە کرد؛ هاوکات هۆشداری دەدات کە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای دارایی توند دەبنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارەکە سەرجەم دووکان، بازاڕ و کۆمپانیا بازرگانییەکان بێ جیاوازی دەگرێتەوە و ڕێگری لە بەکارهێنانی ئەو پێشناوانە دەکرێت لەسەر تابلۆکانیان. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ناوی هەموارکراو بەتەواوی لەگەڵ جۆری کار و پیشەی شوێنە بازرگانییەکەدا بگونجێت.
لەسەر ئاستی جێبەجێکردن و سزاکان، بەڕێوەبەری گشتی هۆشداری دا کە هەر کاسبکار یان کۆمپانیایەک بەبێ مۆڵەتی فەرمی ئەو ناوانە بەکاربهێنێت، دەستبەجێ سزای دارایی دەدرێت. بڕی سزاکەش لە 100 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو 1 ملیۆن دینار.
سەبارەت بەو شوێنانەی پێشتر ئەم ناوانەیان بەکارهێناوە، بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ڕوونی کردەوە: “ئەو شوێنانەی پێش دەرچوونی ڕێنماییەکە مۆڵەتی فەرمییان هەبووە، بڕیارەکە نایانگرێتەوە و هیچ ڕێکارێکی یاساییان بەرامبەر ناگیرێتەبەر، چونکە تۆمارکردنەکەیان یاسایی بووە.”
ئەم بڕیار و ڕێنماییە نوێیەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پشتبەستنە بە پەیڕەوی ژمارە 15ی ساڵی 2022ی تایبەت بە تۆمارکردنی ناو و نیشانە بازرگانییەکان، کە تێیدا ڕێسای توند بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕ و ڕێگریکردن لە تێکەڵکردنی ناونیشانی کۆمەڵایەتی و ئایینی لەگەڵ چالاکییە ئابوورییەکاندا دیاریکراوە.