گشتی

دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

دابەشکردنی زەوی – Slemani Daily

لەسەر بنەمای ساڵانی خزمەت و سیستمی خاڵبەندی، سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەردەقارەمان لە پارێزگای سلێمانی ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی 81 پارچەزەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا کۆتایی پێهێنا.

بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 7ی تەمموزی 2026 لە ڕێگەی تیروپشکەوە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سلێمانی ئەنجام بدرێت، کە تێیدا خاڵ بەپێی دۆخی هاوسەرگیری، منداڵ و ساڵانی خزمەت هەژمار دەکرێت، بەپێی ڕێنماییەکان، هێنانی (کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری) و ئامادەبوونی خودی فەرمانبەر یان خانەنشینەکە ناچارییە، پشکی ئەو فەرمانبەرانەش کە کۆچی دواییان کردووە نافەوتێت، بە مەرجێک بریکار یان وارسی یاساییان بەڵگەنامەکانی (شەهادەی وەفات، کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی) پێبێت.

پێدانی ئەم زەوییانە کە ڕووبەرەکەیان 200 مەترە، پاڵپشتە بە بڕیاری 27ی ئاداری 2024ی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بەو فەرمانبەرانەی زیاتر لە 8 ساڵ خزمەتیان هەیە و پێشتر سوودمەند نەبوون. جێی باسە لە کۆی 500 هەزار فەرمانبەری شایستە لە هەرێم، پڕۆسەی دابەشکردنی 111 هەزار پارچەزەوی جێبەجێ کراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *