شەهیدبوونی پێشمەرگە – Slemani Daily
دوای ڕوودانی چەند پێکدادانێکی چەکداری لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دوو ئاماری جیاواز و دژ بەیەک لەسەر ژمارەی قوربانیانی شەڕەکە بڵاودەکەنەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سوپای پاسداران لە نزیک شاری پیرانشار،5 پێشمەرگەی ئەوان شەهید بوون.
لە بەرامبەردا، میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گێڕانەوەیەکی جیاوازیان بڵاوکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە دوو پێکدادانی جیاواز لە ناوچە شاخاوییەکانی سەردەشت و پیرانشار ڕوویانداوە, بەپێی ئاماری سەرچاوە ئێرانییەکان، لەو شەڕانەدا 11 ئەندامی حزبە کوردییەکان کوژراون.
ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بوونی بارەگا و جووڵەی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران، بەردەوام گرژی و ئاڵۆزی سەربازی بەخۆیانەوە دەبینن, سوپای پاسدارانی ئێران ناوە ناوە بە تۆپباران، درۆن، یان ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مەفرەزەکانی پێشمەرگە دەکەوێتە شەڕەوە، و زۆربەی جاریش هەردوولا ئاماری جیاواز و زیانی گەورەتر لە ڕیزەکانی بەرامبەر ڕادەگەیەنن.
