پشووی پەرلەمان – Slemani Daily
سستبوونی کارەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، کاتێک لە سبەینێوە (1ـی تەمموز) پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ دەکەوێتە پشووی یاسایی هاوینەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دوای هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا یەک دانیشتنی فەرمی ئەنجامداوە.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێنجەم و هەڵبژێردراوی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، پشووی هاوینەی پەرلەمان لە 1ـی تەمموزەوە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە لە کاتی پشووەکانیشدا دەبێت لیژنەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەکانیان بکەن بۆ ئەوەی کارەکان پەک نەکەون، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا لیژنەکانی خولی شەشەم پێکنەهێنراون، لەم دوو مانگەی پشوودا لیژنەکانیش چوونەتە ناو پشووەوە و هیچ کۆبوونەوەیەکیان نابێت.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کارەکانی پەرلەمان لە ساڵێکدا بەسەر دوو وەرزی گرێداندا دابەش دەبن:
خولی بەهارە: لە سەرەتای ئادارەوە تا کۆتایی حوزەیران.
خولی پاییزە: لە سەرەتای ئەیلوولەوە تا کۆتایی کانوونی یەکەم.
لە نێوان ئەم دوو وەرزەشدا، پەرلەمان دوو جار دەکەوێتە پشووی وەرزییەوە.
ئەم چەقبەستووییە یاسایی و پەرلەمانییە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، دوای نزیكەی مانگ و نیوێک، لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2024 یەکەم دانیشتنی خولی شەشەم سازکرا، بەڵام بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمان نەیتوانیوە چالاكییە یاسایی و چاودێرییەکانی خۆی دەستپێبکاتەوە و ئێستا نزیکەی دوو ساڵە پەرلەمان لە دۆخی پەککەوتندا ماوەتەوە.
