دابەشکردنی زەوی – Slemani Daily
سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەزوور لیستی ناوی ئەو خانەنشینانەی ڕاگەیاند کە فەرمانی تەرخانکردنی پارچە زەویی نیشتەجێبوونیان بۆ دەرچووە، و داوای لێکردن لە ماوەی سێ ڕۆژدا سەردانی شارەوانی بکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان.
بەپێی ڕاگەیەندراوی شارەوانی شارەزوور، پرۆسەی سەردانیکردنی خانەنشینان بۆ هۆبەی موڵکایەتی لە ئەمڕۆوە 28ـی حوزەیران دەستپێدەکات و تەنها سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەمەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی وردبینی و ئەستۆپاکی، ئاگاداریش کراونەتەوە کە هەر کەسێک لەو ماوەیەدا سەردان نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە دواکەوتنی مامەڵەکەی.
ئەو پێداویستیانەی کە دەبێت خانەنشینان لەگەڵ خۆیاندا بیهێنن
5 کۆپیی ڕەنگاوڕەنگی کارتی نیشتمانیی (خۆی و هاوسەری) لەگەڵ کارتی زانیاری، بە مەرجێک هەموویان لەسەر یەک لاپەڕەی A4 بن.
نووسینی ناوی چواری و ژمارەی مۆبایل لەسەر کۆپییەکان.
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو چین و توێژانەی کە پێشتر سوودمەند نەبوون، و شارەوانییەکانیش قۆناغ بە قۆناغ ناوی فەرمانبەران و خانەنشینانی شایستە بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان بڵاودەکەنەوە.
