دەقی هەواڵ
گرانبوونی بلیت لە هەواری شار – Sleamni Daily
لیژنەی سەرپەرشتیی فێستیڤاڵی سولی فێست ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی بلیتی هاتنەژوورەوەی پارکی هەواری شار بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زیادکردنی نرخەکە پاڵنەری بازرگانی لەپشت نییە، بەڵکو هەنگاوێکی مرۆییە بۆ پشتگیریکردنی نەخۆشخانەی هیوا.
بەپێی ڕوونکردنەوەی لیژنەی سەرپەرشتیی فێستیڤاڵەکە، نرخی بلیت لە 500 دینارەوە بۆ 1,500 دینار زیادکراوە. لیژنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری داهاتی ئەم بلیتانە ڕاستەوخۆ پێشکەش بە منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا دەکرێت. ئاماژە بەوەش دراوە کە «سولی فێست» دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە ڕۆحی هاوکاری و بەها مرۆییەکانی شاری سلێمانی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگادا پێشان بدات، نەک تەنیا وەک فێستیڤاڵێکی کاتبەسەربردن بمێنێتەوە.
پارکی هەواری شار لە سلێمانی یەکێکە لە گەورەترین پارکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان و ساڵانە میوانداریی چەندین چالاکیی جۆراوجۆری کولتووری و هەمەجۆر دەکات. نەخۆشخانەی هیوایش لە سلێمانی، سەنتەرێکی سەرەکی و بێبەرامبەرە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە سەرانسەری عێراقدا، کە بەردەوام بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان پێویستی بە پاڵپشتیی دارایی و کەمپینی خێرخوازی هەیە.
