هەژماری من – Slemani Daily
حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان سەبارەت بە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، بەپێی بڕیارەکەش هەر فەرمانبەرێک تا کۆتایی مانگی ئابی داهاتوو ناوی لە پڕۆژەی “هەژماری من” تۆمار نەکات، مووچەکەی بە تەواوی ڕادەگیرێت.
بەپێی گشتاندنێکی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە واژۆی وەزیر ئاواتی شێخ جەناب دەرچووە و ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان کراوە، ڕۆژی 31ی ئابی2026 وەک دوا مۆڵەت بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆران دیاریکراوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی “هەژماری من”.
لەم نووسراوەدا هاتووە، هەر فەرمانبەرێک تا ئەو بەروارە ناوی خۆی تۆمار نەکات و کارتی بانکییەکەی وەرنەگرێتەوە، شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتی بەغداوە ڕادەگیرێت و ڕەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت، وەزارەتی دارایی عێراقیش جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسیارێتی هەر دواکەوتنێک دەکەوێتە ئەستۆی خودی فەرمانبەرە داواکەوتووەکە.
ئەم بڕیارە توندە دوای نووسراوێکی فەرمی حکومەتی عێراق دێت کە لە 22ی حوزەیرانی 2026 دەرچووە، کە تێیدا ئەنجامی کۆتا کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا جێبەجێ کراوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرابوو کە مۆڵەتێکی سێ مانگ وەک دوا چانس بدرێتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سەرجەم کێشەکانی بەبانکیکردنی مووچە (تەوتین) لە ڕێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە کۆتایی پێ بهێنرێت و دۆسیەی مووچە بە تەواوی ڕێکبخرێتەوە.
