دەقی هەواڵ
ڕووداوی خنکان ــ Slemani Daily
لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا، سێ منداڵ کە ئامۆزای یەکترن، لە کاتی مەلەکردندا لە گۆمێکی ئاوی نزیک ڕووباری دیجلە لە ناحیەی مەحەلەبیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا خنکان. بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان، تەرمی هەر سێ منداڵەکە دۆزراونەتەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی مووسڵ کراون.
بەرگری شارستانی نەینەوا ڕایگەیاند کە تەمەنی منداڵەکان لە نێوان 10 بۆ 12 ساڵاندایە. کەسوکاری قوربانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە منداڵەکان پێشتر بەڵێنیان پێدابوون نەچنە شوێنە قووڵەکان، بەڵام هەر سێیانیان پێکەوە لە ناو ئاوەکەدا گیریاندخواردووە و گیانیان لەدەستداوە. دوای ڕووداوەکە، تەرمەکان لە ئاوەکە دەرهێنراونەتەوە و لایەنە تەندروستییەکانی مووسڵ ڕێکارە یاسایی و پزیشکییەکانیان بۆ گرتوونەتە بەر.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا، ڕێژەی ڕووداوەکانی خنکان لە ڕووبار، دەریاچە و گۆمە ئاوییەکانی عێراق بە گشتی و پارێزگای نەینەوا بە تایبەتی ڕوو لە زیادبوون دەکات. زۆربەی ئەم ڕووداوانە بەهۆی نەشارەزایی لە مەلەکردن لە شوێنە کراوەکان، نەبوونی هۆشیاری تەواو لە مەترسییەکانی قووڵایی ئاو، و سستی چاودێری خێزانییەوە ڕوودەدەن. بەرگری شارستانی هەمیشە هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان کە تەنها ئەو شوێنانە بەکاربهێنن کە بۆ مەلەکردن دیاریکراون و مەرجەکانی سەلامەتییان تێدایە.
