دەقی هەواڵ
کێشەی کەمئاوی ـ Sleamni Daily
دوای چەند ڕۆژێک لە دروستبوونی کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی بەهۆی شکانی پەمپەکانەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاو ڕایدەگەیەنێت کە گرفتی پەمپەکان لە چارەسەرکردندایە و حکومەتیش بوودجەی پێویست بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی ئاوی دووکان دابین دەکات.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند ماوەی چەند ڕۆژێکە کێشەی کەمیی ئاو بەهۆی شکانی پەمپەکانەوە لە شاری سلێمانی ڕوویانداوە و لە ئێستادا بەشێک لە پەمپەکان چاککراونەتەوە و بەشێکیشیان پێویستیان بە گۆڕین هەیە، بەڵام پرۆسەی چارەسەرکردنی گرفتەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت.
هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە کە نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ دابینکردنی بوودجەی پێویست بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، چونکە لە ئاییندەیەکی نزیکدا پێویستییەکی زیاتر بە بەرهەمهێنانی ئاو لە پڕۆژەکانی دووکانەوە دەبێت و ئەم هەنگاوەش ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی کەمئاوی دەکات لە شارەکەدا.
پڕۆژەکانی ئاوی دووکان (یەک و دوو) بە سەرچاوەی سەرەکی و خوێنبەری دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری سلێمانی و دەوروبەری دادەنرێن، کە ڕۆژانە دەیان هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتیان بەرهەم دەهێنن.
لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و زیادبوونی داواکاری لەسەر بەکارهێنانی ئاو، تۆڕەکانی گواستنەوە و پەمپەکانی پڕۆژەکە دەکەونە ژێر پەستانێکی زۆرەوە، ئەمەش زۆرجار بەهۆی کۆنی یان پچڕانی کارەباوە گرفتی تەکنیکییان بۆ دروست دەبێت و شارەکە ڕووبەڕووی کورتھێنان دەکاتەوە.