دەقی هەواڵ
کێشەی فەرمانبەران – Slemani Daily
وەزارەتی دارایی عێراق بە بڕیارێکی نوێ، مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بێهیوا کرد، دوای ئەوەی ڕایگەیاند کە دابینکردن و خەرجکردنی مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم خۆیەتی و پەیوەندی بە بەغداوە نییە.
کاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لەسەر زاری هەریەکە لە ئەحمەدی حاجی ڕەشید و غالب محەمەد گواستییەوە کە وەزیری دارایی عێراق بە ڕوونی پێی ڕاگەیاندوون، کێشەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دەبێت لە ناوخۆی هەرێم و لە ڕێگەی داهاتی ناوخۆوە چارەسەر بکرێت، نەک لەلایەن دارایی عێراقەوە.
هاوکات وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە و لە کاتی خۆیدا مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە دابەش بکات کە مووچەکانیان بەستراوەتەوە بە داهاتی ناوخۆوە.
سەرەڕای بڕیارەکەی بەغدا کە بووە هۆی نیگەرانی و نائومێدی لە نێو ئەو چینەدا، عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست پەیامێکی دڵنیایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “ئەو دەنگۆیانەی باس لە نەدان یان فەوتانی مووچەی مانگی پێنج (مایس) دەکەن، دوورن لە ڕاستییەوە. دڵنیایی تەواو دەدەین کە مووچەکانمان نافەوتێت و دابەش دەکرێت.”
کێشەی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی “تەوتیین” (بەبانکیکردن) و وردبینیکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، وەزارەتی دارایی عێراق تەنها پابەندە بە دابینکردنی مووچەی ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی کە خاوەن “کۆدی بایۆمەتری” فەرمین و ناویان لە میلاکاتی فەرمیی پەسەندکراوی نێوان هەردوو حکومەتدا هەیە، چونکە مامۆستایانی گرێبەست تا ئێستا نەکراونەتە هەمیشەیی و دۆسیەی دامەزراندنیان بە تەواوی نەخراوەتە سەر میلاکی گشتیی کۆماری عێراق، بەغدا ڕەتیدەکاتەوە بودجەی تایبەتیان بۆ بنێرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی چارەنووسی مووچەکانیان هەمیشە بکەوێتە مەترسییەوە و بەستراوەبێتەوە بە ڕێژەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆیی لە فەرمانگە و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا.