گشتی

دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

دەقی هەواڵ

دابەشکردنی زەوی – Slemani Daily

بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستپێبکاتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانیش لیستی ناوی 350 فەرمانبەری ڕاگەیاند کە لەم قۆناغەدا دەبنە خاوەنی زەوی.

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 18ی حوزەیران سەرۆکایەتی شارەوانی عەربەت دەست بە دابەشکردنی 350 پارچە زەوی دەکات.

دیاریکردنی شوێنی زەوییەکان بە شێوازی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت، پرۆسەکەش بە ئامادەبوونی بەرپرسانی کارگێڕی ناوچەکە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بەڕێوچوونی کارەکان بە شێوازێکی شەفاف.

ئەم هەنگاوەی شارەوانی عەربەت لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا دێت، کە ماوەیەکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە, حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە کار دەکات بۆ دابینکردنی زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە لە قۆناغەکانی ڕابردوودا سوودمەند نەبوون، پرۆسەکەش بەپێی ڕێنمایی و خاڵبەندی بەردەوامی دەبێت تا سەرجەم شایستەبووان دەگرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *