دەقی هەواڵ
گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووس – Slemani Daily
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا، میدیاکارێکی ناسراوی ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا یەک هەفتە بەسەر پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییدا تێپەڕیبوو.
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە (14ی حوزەیرانی2026)، ژنە ڕاگەیاندنکار (دوعا خالید)، کە خەڵکی شارۆچکەی دەرباسییەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە شێوەیەکی کتوپڕ تووشی جەڵتەی مێشک بووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
کۆچی دوایی ئەم کچە ڕاگەیاندنکارە کتوپڕە شەپۆلێک لە دڵتەنگی و خەمباری لەناو ناوەندە میدیاییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە ناوبراو تەنیا ماوەی هەفتەیەک بووە چۆتە قۆناغی نوێی ژیانییەوە و هاوسەرگیریی کردووە.
کۆچی دوایی کتوپڕی (دوعا خالید)، درێژکراوەی ئەو زنجیرە کۆستە غەمناکانەیە کە لەمساڵدا بەرۆکی ناوەندی ڕاگەیاندنی کوردی گرتووە و تێیدا چەندین رۆژنامەنووس و دەنگی دیاری میدیایی ماڵاواییان لە ژیان کردووە.
هەفتەیەک پێش ئێستا هەردوو میدیاکار (هەڵکەوت عەزیزی) و (لاناز کوردۆ) بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان سپارد، پێش چەند مانگێکیش، هەر یەکە لە ڕۆژنامەنووسان (وریا حەمە کەریم) و (مەبەست سەردار) کۆچی دواییان ڕاگەیەندرا، ئەمڕۆش بە گیانلەدەستدانی (دوعا خالید)، میدیایی کوردی لە سەرانسەری کوردستاندا زیانێکی تری مرۆیی گەورەی بەرکەوت و پۆلێک لە گەنجانی داهێنەری لە بواری ڕاگەیاندندا لەدەستدا.