دەقی هەواڵ
دزینی گەنم – Slemani Daily
مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی شارەزوور، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕێکی زۆر گەنمی هاووڵاتییەکی دزیبوو, لە پرۆسەکەدا دەست بەسەر تەواوی گەنمە دزراوەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەشدا گیرا کە لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکارھاتبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند؛ کەسێک بە تۆمەتی دزینی بڕێکی زۆری گەنمی جوتیارێک دەستگیرکرا، دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دوای ئەوە هات کە هاووڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد, پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد و توانییان لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە.
تۆمەتباری دەستگیرکراو ناوی (ک، ک، ح – لەدایکبووی 1986)ـە، لە ئێستادا بەپێی ماددەی (446) لە یاسای سزادانی عێراقی و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە، لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ڕووداوەکە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ئێستا وەرزی دروێنەی گەنمە لە هەرێمی کوردستان، و جووتیاران لە زۆربەی قەزا و گوندەکاندا خەرمانی بەرهەمەکانیان لە نزیک زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کۆدەکەنەوە، ئەمەش زۆرجار مەترسی دزینی بەرهەمەکانیان لێدەکرێت.
بەهۆی ئەم بارودۆخەوە، پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان و جووتیاران دەکات کە چاوکراوهتر بن لە پاراستنی بەرهەمەکانیان، و لە کاتی بینینی هەر جووڵە یان حاڵەتێکی گوماناویدا دەستبەجێ پەیوەندی بە بنکەکانی پۆلیس یان هێڵە گەرمەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە بکەن.