دەقی هەواڵ
داخرانی شەقامێکی سەرەکی – Slemani Daily
بەهۆی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و سەرلەنوێ قیرتاوکردنەوە، ڕۆژی هەینی بەشێک لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی بەڕووی شۆفێراندا بەربەست دەکرێت.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند؛ لە کاتژمێر١12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە کارەکانی هەڵگرتنەوەی قیرە کۆنەکە (قشط) لەو بەشانەی شەقامەکە کە تێکچوون دەستی پێکردووە، کە دەکەوێتە مەودای نزیک مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی بە ئاڕاستەی چوارڕیانی سەرچنار.
شارەوانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە شۆفێران دەتوانن لە کاتی داخرانی شەقامەکەدا، شەقامی خزمەتگوزاریی مزگەوتی ئەحمەد حاجی عەلی وەک ڕێگای جێگرەوە بەکاربهێنن. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن بۆ ئەوەی کارەکان بە خێرایی و بەبێ دروستبوونی ئاستەنگ کۆتاییان بێت.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانیدا دێت بۆ چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکی و ستراتیژییەکانی ناو شار، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و چاککردنی ڕێگاکانی هاتووچۆی هاوڵاتییان.