دەقی هەواڵ
پشوو – Slemani Daily
سەرچاوە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، بەپێی ساڵنامەی فەرمی پشووەکان، لەم مانگەدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی کۆچی و یادی ڕۆژی عاشووراوە، لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکاندا دوو ڕۆژ پشووی فەرمی دەبێت.
بەپێی خشتەی دیاریکراوی حکوومەت، یەکەمین ڕۆژی پشوو دەکەوێتە سێشەممەی داهاتوو کە ڕێکەوتی 16ی ئەم مانگەیە، ئەوەش بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی کۆچی.
هاوکات، پشووی دووەم دەکەوێتە ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی داهاتووتر، کە ڕێکەوتی 25ی مانگ دەکات، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک لە یادی ڕۆژی عاشوورا, سەرجەم دامودەزگا و فەرمانگە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان لەم دوو ڕۆژەدا پشوویان دەبێت.
ساڵنامەی پشووە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵانە لە لایەن پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پەسەند دەکرێت, ئەم ڕۆژژمێرە سەرجەم بۆنە نیشتمانی، نەتەوەیی و ئایینییەکان (موسڵمانان و پێکهاتە ئایینییەکانی دیکە) لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی ڕێکخستنی دەوامی فەرمی و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان لە یادکردنەوەی بۆنەکانیاندا.