گشتی

ژنێکی کورد و کچەکەی لەلایەن بەرپرسێکەوە کوژران

دەقی هەواڵ

کوشتن – Slemani Daily

بەهۆی ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیریی بەزۆر، بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی تاڵیبان لە ویلایەتی سەرپێڵی ئەفغانستان، ژنێکی کوردی خەڵکی بۆکان و کچە تەمەن 15 ساڵەکەی کۆمەڵکوژ دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی دایکەکە بە توندی دژی بردنی کچەکەی وەستایەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند؛ دایک و کچێکی کورد لەلایەن بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کوژران. 

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسەکەی تاڵیبان بە مەبەستی بردن و هاوسەرگیریی بەزۆر لەگەڵ کچە هەرزەکارەکە بە ناوی (سارا یوسفی)، چووەتە سەر ماڵیان و بەهۆی بەرگریی توند و ڕەتکردنەوەی دایکی کچەکە، مووفتی محەمەدوڵڵا چەکەکەی بەکارهێناوە و بە تەقەی ڕاستەوخۆ هەردووکیانی کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی “تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان”، ڕووداوە خوێناوییەکە لە قەزای “کۆهستانات” ڕوویداوە, بکوژەکە ناوی (مووفتی محەمەدوڵڵا)یە، کە ئێستا وەک بەرپرسی فەرمانگەی حەج و ئەوقافی تاڵیبان لەو ناوچەیە کار دەکات.

قوربانییەکان پێکهاتوون لە:

 چیمەن حوسێنزادە (دایک)

 سارا یوسفی (کچی تەمەن 15 ساڵ)

تائێستا بزووتنەوەی تاڵیبان بە فەرمی هیچ ڕوون کردنەوەیەکی لەسەر ئەم تاوانە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە تۆمەتبارەکە دوای ڕووداوەکە دەستگیرکراوە.

چیمەن حوسێنزادە، کە کچێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، نزیکەی20 ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیری لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەفغانی کردووە و پێکەوە لە قەزای کۆهستانات نیشتەجێ بوون, چیمەن لەناو خەڵکی ناوچەکەدا بە (بیبی چەمەنگوڵ) ناسراو بووە و وەک پەرستارێکی ناوخۆیی خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *