گشتی

ئاسایش باندێکی فێڵکردن لە خەڵکی دەستگیر کرد

دەقی هەواڵ

 باندی فێڵکردن – Slemani Daily

هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی باندێکی پێکهاتوو لە چەند گەنجێک دەستگیرکرد، کە بە ئەنقەست ئۆتۆمبێلێکیان لەسەر شەقامی 60 مەتریی شاری سلێمانی سوتاندبوو، بە مەبەستی فێڵکردن و کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی لە هاووڵاتیان.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەو گەنجانە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (ئۆپڵ)یان بە بڕی 700 هەزار دینار کڕیوە و دواتر لەسەر شەقامی شەستیی سلێمانی ئاگریان تێبەرداوە، تۆمەتبارەکان بە نواندنی دیمەنی خەمناک و گریانی ساختە، سەرنجی شۆفێران و ڕێبوارانیان ڕاکێشاوە و توانیویانە بڕی 3 ملیۆن دینار بە ناوی هاوکارییەوە لە خەڵکی سەر شەقامەکە کۆبکەنەوە.

دوای گومانکردن لە ڕووداوەکە، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ڕێگەی بەدواداچوون و پشکنینی کامێراکانی چاودێرییەوە، توانییان لە ماوەیەکی پێوانەییدا سەرجەم ئەندامانی باندەکە دەستگیربکەن. 

لە ئێستادا دەست بەسەر پارە کۆکراوەکەدا گیراوە و تۆمەتباران بەپێی ماددەی یاسایی تایبەت بە فێڵکردن ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.

ئەم جۆرە فێڵکردنە نوێیە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا دیاردەی جۆراوجۆری سواڵکردن و فێڵکردن بە ناوی کاری مرۆڤدۆستانە و کۆکردنەوەی هاوکاری لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، دەزگا ئەمنییەکان بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاووڵاتیان کە پێش پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک، لە ڕاست و ڕەوانی دۆخەکە دڵنیابنەوە تاوەکو نەبنە قوربانی باندی فێڵکەر کە سۆزی کۆمەڵایەتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکاردەهێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *