دەقی هەواڵ
گەشتی عومرە- Slemani Daily
وەزارەتی حەج و عومرەی عەرەبستانی سعوودی بە شێوەیەکی فەرمی دەستپێکردنی وەرزی نوێی عومرەی بۆ ساڵی 1448ی کۆچی ڕاگەیاند، هاوکات وادەی هاتنە ناوەوەی گەشتیاران و دەستپێکردنی پێدانی مۆڵەتەکانی دیاری کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ڕێکارەکانی پێشوازیکردن لە حاجیان بەم شێوازە ڕێکخراون:
لە ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی زولحیجەی 1448ی کۆچی 31ی ئایاری 2026، پرۆسەی هاتنە ناوەوەی عومرەکاران بۆ ناو خاکی عەرەبستانی سعوودی دەستپێدەکات.
لە سبەینێ دووشەممە، 15ی زولحیجەی 1448ی کۆچی 1ی حوزەیرانی 2026، بە شێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی عومرە دەردەکرێت و ڕێگە بە چوونە ناو شاری مەککەی پیرۆز دەدرێت.
تەواوی پرۆسەی پێشکەشکردن، ڕێکخستنی گەشتەکان و وەرگرتنی مۆڵەت تەنها لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی (Nusuk) ەوە دەبێت.
عەرەبستانی سعوودی ساڵانە دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی مەڕاسیمەکانی حەج، ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێی عومرە دەستپێدەکاتەوە، سەکۆی دیجیتاڵی “نوسوک” (Nusuk) وەک تاکە دەروازەی فەرمی و یەکگرتوو خزمەت دەکات، کە ئامانجی سەرەکی لێی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی ڤیزا و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزارییە بە عومرەکارانی سەرانسەری جیهان.