دەقی هەواڵ
ڕووداوی خنکان – Slemani Daily
لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا لە سنووری مەریوان، ئۆتۆمبێلێکی جۆری پراید کەوتە ناو بەنداوی گاران و بەهۆیەوە دوو ژنی خەڵکی شاری نۆدشە کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بوون، گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ شەممە، 30ی ئایاری 2026, محەممەد خالید ڕەزوانی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی مەریوان ڕایگەیاند، دەستبەجێ دوای ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوەکە، تیمی تایبەتی شارەوانیی مەریوان چوونەتە شوێنەکە و هەڵمەتی گەڕان و فریاگوزارییان دەستپێکردووە.
ڕەزوانی ئاماژەی بەوەش کرد کە تەرمی هەردوو ژنەکە لەناو ئاوەکە دەرهێندراوە و ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە. تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ناو بەنداوەکە ڕوون نییە و لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستی پێکردووە.
بەنداوی گاران کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری مەریوان، پێشتریش چەندین جار ڕووداوی هاوشێوەی هاتوچۆ و کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێلی تێدا تۆمارکراوە؛ ناوچەکە بەهۆی نەبوونی هێمای ئاگادارکردنەوەی پێویست و کەمیی ڕێگری پارێزەر لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی دەوروبەری بەنداوەکە، هەمیشە وەک مەترسییەک بۆ شۆفێران لەقەڵەم دراوە.