دەقی هەواڵ
هاوسەرگیری – Slemani Daily
پەرلەمانی سوید بە کۆی دەنگ هاوسەرگیریی لەنێوان ئامۆزا، پورزا و خزمە نزیکەکانی قەدەغە کرد؛ بڕیارەکەش وەک هەنگاوێکە بۆ ڕێگریکردن لە هاوسەرگیریی بەزۆر و چەوساندنەوە لەژێر ناوی “شەرەف”دا.
پەڕلەمانی سوید یاسایەکی نوێ لە 1ی تەممووزی ئەمساڵەوە (2026) جێبەجێ دەکات بەپێی بڕگەکان، سوید چیتر دان بەو هاوسەرگیرییە خزمایەتییانەدا نانێت کە لە دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدرێن، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لەوەی خێزانەکان منداڵەکانیان ببەنەوە وڵاتی دایکیان و بە زۆر هاوسەرگیرییان پێ بکەن.
هاوکات فەرمانگەی کۆچ و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو داواکارییانەی نیشتەجێبوون کە گومانی هاوسەرگیریی قەدەخەکراویان لێدەکرێت.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لێکۆڵینەوەکانی حکومەتی سوید دەریانخستووە، هاوسەرگیریی خزمایەتی لەنێو هەندێک پێکهاتەدا وەک ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی باوکسالاری و پاراستنی دارایی خێزان بەکاردێت. ئەمەش وای کرد پەرلەمان هاوسەرگیریی نێوان خزمە نزیکەکان (وەک مام، خاڵ و پور لەگەڵ برازا و خوشکەزا) بە تەواوی قەدەغە بکات.