گشتی

پەروەردەی سلێمانی بڵاوکردنەوەی نمرەی قوتابیان قەدەغە دەکات

دەقی هەواڵ

وەزارەتی پەروەردە – Slemani Daily 

پەروەردەی سلێمانی بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد و بڵاوکردنەوەی نمرەی قوتابیانی پۆلی نۆی بنەڕەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان قەدەغە کرد، هاوکات هۆشداری دا کە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەبنەوە.

لەم بارهەیەوە، نەژاد عەبدوڵڵا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، کە ئەم بڕیارە لەسەر داواکاری و ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر لە دایکان و باوکانی قوتابیانی پۆلی نۆ دراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە هیچ شێوازێک ڕێگە نادرێت نمرەی قوتابییان لە پەیجە فەرمییەکانی قوتابخانەکاندا بڵاوبکرێتەوە.

پەروەردەی سلێمانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەم هەنگاوە، پاراستنی تایبەتمەندی و باری دەروونی قوتابییانە. هاوکات هۆشداری توند دراوەتە سەرجەم بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ناوەندەکانی خوێندن کە پابەندنەبوون بەم ڕێنماییە نوێیە، ڕێکاری توندی کارگێڕی و یاسایی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

پۆلی نۆی بنەڕەتی یەکێکە لە قۆناغە گرنگ و گواستنەوەییەکان لە سیستمی خوێندنی هەرێمی کوردستاندا، کە تاقیکردنەوەکانی بە شێوازی وزاری (نیشتمانی) لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت. لە ساڵانی ڕابردوودا، بەشێک لە قوتابخانەکان بۆ مەبەستی ڕیکلام یان پیشاندانی ڕێژەی سەرکەوتن، لیستی نمرەی قوتابییانیان بەبێ ڕەزامەندی خێزانەکانیان لە فەیسبووک و ئینستاگرام بڵاودەکردەوە، ئەمەش زۆرجار دەبووە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی توند لەسەر ئەو قوتابییانەی نمرەی بەرزیان بەدەست نەهێناوە و دەنگدانەوەی نەرێنی لەناو کۆمەڵگادا لێدەکەوتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *