دەقی هەواڵ
مۆڵەتی شۆفێری – Slemani Daily
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاسانکارییەکی گەورە بۆ ئەو هاوڵاتییانە ڕادەگەیەنێت کە خاوەنی مۆڵەتی نوێی شۆفێرین و دەیانەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن..
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ی 5ی 2026) لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی هەڵگری مۆڵەتی نوێی شۆفێرین، دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە گۆڕینی مۆڵەتەکانیان هەبێت بۆ مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە مۆڵەتە نوێیەکانی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروستکراون و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دانیان پێدانراوە، بۆیە لە کاتی گەشتکردندا هاوڵاتییان سەرپشکن لەوەی مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەربهێنن یان بە هەمان مۆڵەتی خۆجێیی خۆیان مامەڵە بکەن، بە مەرجێک بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتەکە بکەن.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، وەزارەتەکە مەرجێکی گرنگی بۆ ئەو گەشتیارانە دیاری کردووە کە بەبێ ئۆتۆمبێلی خۆیان دەچنە دەرەوەی وڵات و ڕایگەیاندووە: ” ئەگەر هاوڵاتییان بیانەوێت لە وڵاتی مەبەست ئۆتۆمبێل بەکرێ بگرن و شۆفێری بکەن، ئەوا لەو حاڵەتەدا پێویستە مۆڵەتی شۆفێریی نێودەوڵەتی دەربهێنن و ناتوانن تەنیا پشت بە مۆڵەتە خۆجێییەکە ببەستن.”