دەقی هەواڵ
باجی کارت – Slemani Daily
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیارێکی دەستەی ڕاگەیاندنی (CMC) بۆ سەپاندنی باجی نوێ بەسەر کەرتی پەیوەندییەکاندا هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، حکومەتی کاربەڕێکەر مافی دروستکردنی بارگرانی دارایی بۆ سەر هاووڵاتییانی نییە.
لە بڕیارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026 دەرچوو، دادگای باڵای عێراق پاڵپشت بە بنەمایەکی دەستووریی ڕوونی کردەوە کە سەپاندنی هەر جۆرە باج و ڕسووماتێک تەنها لە دەسەڵاتی یاسادانانی پەرلەماندایە.
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن پێشتر بڕیاری دابوو بە سەپاندنی پارەیەک لەژێر ناوی “کرێی خزمەتگوزاری بۆ ڕێکخستنی شەپۆلەکان” بە ڕێژەی %1 بۆ %2 بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایلدا (ئاسیاسێل، کۆڕەک، و زەین)، بەڵام دادگا ئەمەی وەک “باجی شاراوە” وەسف کرد کە دواجار دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کارت و بارگرانی بۆ سەر بەکارهێنەران.
بابەتی باجی سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت یەکێکە لەو مژارە هەستیارانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە، پێشتر بڕیار بوو لەژێر ناوی جیاجیادا نێزیکەی %20 باج بخرێتە سەر کەرتی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان، بەڵام بەهۆی چاودێریی یاسایی و دەستوورییەوە، ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دەکرێت بۆ ئەوەی ڕێژەی بژێوی و خەرجیی ڕۆژانەی خەڵک جێگیر بمێنێت.