گشتی

کۆتایی پێهات؛ بەغدا هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی ڕەتکردەوە

دەقی هەواڵ

فەرمانبەرانی گرێبەست – Slemani Daily

حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە فەرمی داواکاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم بابەتە لە دەرەوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی بەغدایە.

بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کراوە، حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ناتوانێت بودجە و مووچەی تایبەت بۆ هەمیشەییکردنی ئەو فەرمانبەرانە دابین بکات.

محەمەد نەجیب، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وێنەی نووسراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پرسی هەمیشەییبوونی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی نهێنی ڕەتکراوەتەوە، ئەم نووسراوە وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو داواکارییەی کە پێشتر لەلایەن ئەندام پەرلەمانێکی ڕەوتی هەڵوێستەوە ئاراستە کرابوو.

ئەم بڕیارەی بەغدا لە کاتێکدایە کە پرسی مووچە و شایستە دارایییەکانی فەرمانبەرانی گرێبەست یەکێکە لە گرنگترین و ئاڵۆزترین دۆسیە یاسایی و دارایییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، لە بەرامبەردا، بەپێی زانیارییەکان، لە ئێستادا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ساڵانە بڕی 421 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست تەرخان دەکات، کە ئەمەش بارگرانییەکی دارایی گەورە لەسەر شانی هەرێمی کوردستان دروست دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *