گشتی

هەوڵێک هەیە پێش جەژن مووچەی مانگی پێنج دابەش بکرێت

دەقی هەواڵ

مووجە – Slemani Daily

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق مژدەیەک دەداتە فەرمانبەران و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی هاتنی جەژنی قوربان و بارگرانی سەرشانی خێزانەکان، ئەگەرێکی ڕاستەقینە لە ئارادایە کە حکومەت پێش وادەی هەمیشەیی، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار بکات.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق توانای دارایی تەواوی هەیە و هیچ کێشەیەک لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەراندا نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە بە شێوەیەکی ئاسایی دابەشکردنی مووچە لە 18ی مانگەوە دەست پێ دەکات، بەڵام تایبەتمەندی جەژن وا دەخوازێت وادەکە پێش بخرێت.

سەبارەت بە چارەسەری کورتهێنانی بودجە و بەڕێوەبردنی خەرجییەکان، کۆچەر دەڵێت حکومەت سێ بژاردەی لەبەردەمدایە: کارکردن بە سیستەمی 1/12، ئامادەکردنی بودجەی نیمچە ساڵانە، یان دەرکردنی یاسایەکی هاوشێوەی “ئاسایشی خۆراک”. بە بڕوای ئەو، بژاردەی سێیەم بەهێزترین ئەگەرە بۆ ئەوەی پێداویستییە بەپەلەکان لە نیوەی دووەمی ساڵدا دابین بکرێن.

ئەم هەوڵانەی بەغدا بۆ پێشخستنی مووچەی مانگی پێنج لە کاتێکدایە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا چاوەڕوانی تەمویلی مانگی نیسان مانگی 4 دەکەن. بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی دارایی هەرێم بڕی زیاتر لە 50 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی بە شێوەی کاش خستووەتە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی عێراق، تاوەکو ڕێگری لە هەر دواکەوتنێکی زیاتری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *