گشتی

ئەمڕۆ یەکەم کاروانی حاجیانی سلێمانی بەرەو سعودیە بەڕێدەکەوێت

دەقی هەواڵ

حاجیانی کوردستان – Slemani Daily

پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیانی هەرێم بۆ سعوودیە بەردەوامە؛ تا ئێستا نزیکەی هەزار حاجی گەیشتوون و ئەمڕۆش کاروانێکی تری سلێمانی و زاخۆ بەڕێدەکەون، هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 2 ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ پاڵپشتی پڕۆسەکە تەرخان کردووە.

کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان نوێترین زانیارییەکانی دەربارەی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ خستە ڕوو و ڕایگەیاند، تا ئێستا 880 حاجی بە سەلامەتی گەیشتوونەتە خاکی سعوودیە و پڕۆسەکە بە بێ گرفت بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی گەشتەکانی ئەمڕۆ، ستونی ئاشکرای کرد کە دوو کاروانی نوێ بەڕێوەن، کە پێکهاتوون لە 147حاجی لە زاخۆ و 147 حاجی لە سلێمانی. ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هەوڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری ئەوقاف، سەرجەم گەشتەکان کراونەتە ئاسمانی، ئەمەش لە پێناو پاراستنی تەندروستی و کەمکردنەوەی ماندووبوونی حاجیان.

وتەبێژی حەج و عومرە جەختی لە پاڵپشتییە داراییەکان کردەوە و وتی: “سەرۆکی حکومەت بڕی 2 ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و کەمکردنەوەی تێچووەکان لەسەر شانی هاووڵاتییان تەرخان کردووە.” هەروەها وتیشی کە بەپێی خشتەی دیاریکراو، تا ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، هەموو حاجیانی هەرێم دەگەنە سعوودیە و تیمەکانیان لەوێ لە ئامادەباشی تەواودان بۆ پێشوازیکردن لێیان.

پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە ڕووی گۆڕینی سیستەمی گواستنەوە لە وشکانییەوە بۆ ئاسمانی، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ساڵانی ڕابردوو حاجیان لە ڕێگەی وشکانییەوە ڕووبەڕووی ماندووبوونێکی زۆر دەبوونەوە، تەرخانکردنی بودجەی پاڵپشتیش لەلایەن حکومەتەوە، ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ و دابینکردنی خزمەتگوزاریی نیشتەجێبوون و گواستنەوەی شایستە بۆ حاجیانی هەرێمی کوردستان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *