دەقی هەواڵ
هاتووچۆ – Slemani Daily
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی کۆیە بڕیارێکی نوێی بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆ دەرکرد، بەپێی بڕیارەکە لەمەودوا لە ڕۆژانی هەینیدا هاتوچۆی سەرجەم ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە نێوان شارەکان و ناوچە گەشتیارییەکان قەدەغە دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گەشتیاران و کەمکردنەوەی جەنجاڵی.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هاتوچۆی کۆیە ئاگاداری سەرجەم شۆفێرانی بارهەڵگری کردەوە کە پابەندی بڕیارەکە بن، بە پێچەوانەوە هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە و دەست بەسەر بارهەڵگرەکەیدا دەگیرێت.
هاتوچۆی کۆیە ئاماژەی بەوەش کردووە، هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە بۆ ڕێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵغی و پاراستنی گیانی شۆفێران و ئەو هاوڵاتییانەی لە ڕۆژانی پشوودا ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە دەکەن.
قەزای کۆیە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە، خاڵێکی ستراتیژیی گرنگە و ڕێگای سەرەکیی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانییە، لە ڕۆژانی هەینیدا بەهۆی بوونی چەندین ناوچەی گەشتیاری وەک (کۆیە، تەقتەق، و چنارۆک)، لۆدێکی زۆر دەکەوێتە سەر ڕێگاکان، ئەمەش زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕووداوی هاتوچۆ و جەنجاڵی، بۆیە هاتوچۆی ناوچەکە ساڵانە لە وەرزە گەشتیارییەکاندا بڕیاری هاوشێوە بۆ ڕێکخستنی هاتووچۆ دەردەکات.