دەقی هەواڵ
کەش و هەوا – Slemani Daily
شارەزایانی کەشناسی ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی سەرما بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و ڕایدەگەیەنن کە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی، ڕایگەیاند:”لە ئەمڕۆ دووشەممەوە، بارستە هەوایەکی سارد ڕوودەکاتە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. کاریگەریی ئەم سەرما توندە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.”
بەپێی پێشبینییەکان، کاریگەری ئەم بارستە هەوایە دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 6 بۆ 8 پلە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو، ئەمەش وادەکات لە زۆربەی ناوچەکان هەست بە سەرمایەکی توند بکرێت.
ئەم شەپۆلە ساردە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە وەرزی بەهاردایە و گۆڕانکارییەکان بە خێرایی ڕوودەدەن، بۆیە داوا لە هاوڵاتییان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕەچاوی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بکەن.