دەقی هەواڵ
کێشەی غاز – Slemani Daily
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ڕایگەیاند کە سەرجەم گرفتەکانی پەیوەست بە دابینکردنی غازی شل چارەسەر کراون و لە ئێستادا بڕێکی زۆر غاز لە بازاڕەکاندا بەردەستە، بە شێوازێک کە کەرتی بازرگانی دەتوانێت بەبێ سنووردارکردن پێداویستییەکانی دابین بکات.
عومەر عەبدوڵا، سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەمڕۆوە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دابەشکردنی غازدا کراوە و ڕایگەیاند: “سەرجەم نانەواخانە، چایخانە و چێشتخانەکان دەتوانن بەپێی خواستی خۆیان و بە ئازادانە هەر بڕە بوتڵێکیان پێویست بێت وەری بگرن. ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت کە دڵنیابووینەوە لەوەی بڕی غازی پێویست لە کۆگاکاندا زیاترە لە خواستی بازاڕ.”
سەبارەت بە دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵاندا، سەرپەرشتیاری لیژنەکە ڕوونی کردەوە کە لە ئێستادا پڕۆسەکە بەپێی “فۆرمی خۆراک” بەردەوامە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی داهاتوویان ئاساییکردنەوەی تەواوەتی پڕۆسەکەیە. وتیشی: “هەوڵدەدەین لە ئایندەیەکی نزیکدا سیستەمی فۆرم نەمێنێت و هاووڵاتیان بتوانن هاوشێوەی شوێنە بازرگانییەکان، بە ئاسانی و لە هەر کاتێکدا بێت غاز بەدەست بهێنن.”
ئەم لێدوانە فەرمییەی قائیمقامیەت وەک دڵنیاییەک دێت بۆ هاووڵاتییان کە چیتر مەترسی دروستبوونی قەیران و گرانبوونی نرخی غاز لە ئارادا نییە، چونکە پڕۆسەی بەرهەمهێنان و گەیاندنی غاز بۆ ناو شار گەیشتووەتە ئاستێکی جێگیر.